ووتەی راگر

ووتەی راگری پەیمانگە م.هێرش عزیز

بەناوی یەزدانی دلۆڤان

بە ناوی خودای بەخشندەی میهرەبان بەخێربێن بۆ پەیمانگەى تەکنیکى و پیشەیى سەفین بەخێربێن بۆ پەیمانگەى تەکنیکى و پیشەیى سەفین خۆشەویستان؛ پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی سەفین وەک بەشێک لە ستراتیژى دامەزراوەى شەهید بۆ پەروەردە و خوێندنى باڵا، کە گەورەترین دامەزراوەى سەر بە کەرتى تایبەتە لە هەرێمى کوردستان، لە ساڵى ٢٠٢٣ دامەزرا. کردنەوەى پەیمانگەیەکى ئەوتۆ لە سنوورى شەقڵاوە، هەوڵێکى بەرپرسیارانە بوو بۆ رەخساندنى هەلى فێربوون و پەرەپێدانى توانا مرۆییەکانى ئەم دەڤەرە، کە بە خۆشییەوە لە ماوەى تەنیا یەک ساڵدا، ئێمە بە باشى هەستمان بە کاریگەرییە ئەرێنییەکەى کردووە. بەڕێزان؛ لەسەر بنەماى ئەو ستراتیژەى کە دامانناوە، ئێمە لە پەیمانگەى تەکنیکى و پیشەیى سەفین، بە دەستنیشانکردنى دوو جۆر پسپۆڕى تەکنیکى و پیشەیى، هەلێکى زۆر باشمان بۆ قوتابییانى ئەم دەڤەرە رەخساندووە؛ لەسەر بنەماى پێویستییەکانى بازاڕى کار و بەهرە و توانا جیاوازەکان، لەماوەى دامەزراندنى پەیمانگەکەمانەوە، توانیومانە ببینە جێى سەرنجى هەمووان و وەک پەیمانگەیەکى پێشەنگ لەم ناوچەیە خۆمان نیشانبدەین. ئیمە لەم رێگەیەوە دەمانەوێ تا ئەو شوێنەى دەکرێ هەل و دەرفەتى نوێ بۆ گەنجانمان بخوڵقێنین. ئازیزان؛ بە شانازییەکى گەورەى دەزانین، کە لە پەیمانگەى سەفین کار لەسەر دوو بنەماى سەرەکى دەکەین؛ یەکەمیان، گرنگیدانە بە خودسازى(مرۆڤسازی)؛ ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە دەمانەوێ کەسایەتییەکى بەهێز بۆ قوتابی درووستبکەین؛ هەم خۆى بناسێ هەم بەرامبەرەکانى، کە بەمجۆرە زۆر بە ئاسانى دەتوانێ نەخشەڕێگاى سەرکەوتنى خۆى دابڕیژێ. پێویستە قوتابى لەم پڕۆسەیەدا بەرپرسیارێتى ئەخلاقى و کۆمەڵایەتى وەئەستۆ بگرێ، چونکە لێرەوەیە کە دەتوانێ زانست بە باشترین شێوە لەناو کۆمەڵگەدا بەکاربێنێ. لایەنى دووەمیش پەرەپێدانى توانستى زانستییە. لە روانگەى ئێمەوە، زانست دەتوانێ ببێتە هێز و باوەڕبەخۆبوون. بۆ گەیشتن بەو مەبەستانەش، سەرەڕاى ستافى ئەکادیمیمان کە ستافێکى دڵسۆز و بەرپرسیارن، سەرەڕاى ژێرخانى زانستى پەیمانگەکەمان لەڕووى تاقیگە و کەرەستە زانستییەکان، ئێمە لە پەیمانگەى تەکنیکى و پیشەیى سەفین، ساڵانە بە دەیان چالاکى زانستى، کولتوورى، رۆشنبیرى، گەشتى زانستى و هونەرى و ...هتد، بەڕێوەدەبەین. بەمجۆرە پێکهاتەى کەسایەتى قوتابییەکانمان هاوتەریب لە هەموو رەهەندەکانەوە، گەشەدەکات. بەڕێزان؛ لە پەیمانگەکەمان پێواژۆی بۆڵۆنا پڕوسێس جێبەجێدەکرێت، کە ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئەو سیاسەتەی کە پەیمانگە دایناوە بۆ پەرەپێدان بە کەسایەتی قوتابی؛ لە بۆڵونا پڕۆسێس، قوتابی سەنتەری فێربوون و گۆڕانکارییە. لێرە، قوتابى لە هەموو پڕۆسەکاندا بەشدارە و هەر کارێک کە دەکرێ لە پێناو خزمەتکردنیەتى. هەر لە چوارچێوەى بنەماکانى پێواژۆى بۆڵۆنا، بەشێکى بەرچاو لە وانەکانمان بە شێوەیەکى کردارى دەخوێندرێن، هەربۆیە سەرەڕاى سوودوەرگرتن لە تاقیگەکانى خۆمان، بەڵام لەپێوەندى چڕ و پڕ و هاوکارى بەردەوامیشداین لەگەڵ تاقیگە، نەخۆشخانە، دەرمانخانە، کلینیکەکانى جوانکارى و سەرجەم دامەزراوەکانى کەرتى تایبەت و حکومى، کە لەگەڵ پسپۆڕییەکانى پەیمانگەکەمان یەکدەگرنەوە. ئەمەش بۆ ئەوەیە کە ئەزموونى پراکتیکى بەدەستبێنن ؛ هاوکات رەهەندێکى کارسازى و کاردۆزیشى هەیە، کە قوتابییان بە ئاسانى دەتوانن پەیوەندى لەگەڵ ئەو دامەزراوانەدا بگرن، کە هەلى کاریان لەلا هەیە. خۆشەویستان؛ دواجار بەڵام گرنگتر لە هەمووان، ئێمە دەمانەوێ زانست بەشێوەیەکى کردەیى بخەینە خزمەت کۆمەڵگە. ئێمە خۆمان بە بەشێک لە کۆمەڵگە دەزانین و تەواوى هێزى فکری و زانستى و مرۆیى خۆمان بۆ خزمەتکردنى بەکاردەخەین. ئەمە ئەرکێکى زانستى و ئەخلاقى گەلێک مەزنە و، لێرەوە دەستى هاوکارى بۆ هەموو تاکێک و هەروەها دامەزراوەکانى کەرتى حکومى و کەرتى تایبەت درێژدەکەین، تا بێنەپێشەوە و بە دەستخستنە ناو دەستى یەک، هەوڵى بەدیهێنانى ئەزموونى سەرکەوتوو بدەین. ئەمە بەڵێنێکى لە ئێمەوە بۆ ئێوە، پەیمانگەى سەفین دەتوانێ ببێتە گەشاوەترین لاپەڕەى ئەزوونى ژیانت. ئێم کار بۆ ئەوە دەکەین.. شانازیشمان هەر ئەوەیە. پ.ى.د. ئەحمەد سەیدە راگر